حکوومەتی هەرێم وەڵامی لێدوانەکەی عەبادی دەداتەوە

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- حکوومه‌تی ھه‌رێم به‌ ڕه‌سمی وه‌ڵامی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ باره‌ی دوایین لێدوانه‌کانی سه‌باره‌ت به‌ ئاستی به‌رھه‌مھێنان و فرۆشتنی نه‌وت، داھات و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ھه‌رێمی کوردستان ده‌داته‌وه‌ .

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان وه‌ڵامی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقی داوه‌ته‌وه‌ و تیایدا ھاتوووه‌ که‌ ده‌لێت ھه‌وڵێکی زۆر له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ بۆ ده‌ست‌پێکردنی دیالۆگ و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان ھه‌رێم و عێراقی فیدراڵ ھه‌یه‌ و ھه‌فته‌ی ڕابردووش چه‌ند ئاماژه‌یێکی ئه‌رێنیمان بینی و ھه‌ستمان به‌ که‌شێکی ئه‌رێنی بۆ ده‌ست‌پێکردنی دیالۆگ کرد به‌ڵام له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌یدا سه‌رۆک وه‌زیران به‌ زمانێک که‌ خزمه‌تی به‌و ئاڕاسته‌ ئه‌رێنییه‌ ناکات قسه‌ی کرد و چه‌ند زانیارییێکی ناڕاستی ده‌رباره‌ی ھه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ خستۆته‌ ڕوو .

ده‌قی ڕاگه‌یێنداوه‌که‌ :

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 2ی جانیڤێریی 2018 به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ، چه‌ند بابه‌تێكی ده‌رباره‌ی ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنان و فرۆشی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و مووچه‌ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی له‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ورووژاند.

له‌ كاتێكدا هه‌وڵێكی زۆر له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ ده‌ست‌پێكردنی دیالۆگ و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو چه‌ند ئاماژه‌یێكی ئه‌رێنیمان له‌ به‌غداوه‌ بینی و هه‌ستمان به‌ كه‌شێكی ئه‌رێنی بۆ ده‌ست‌پێكردنی دیالۆگ كرد و شاندێكی حكوومه‌تی عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد، دیسان له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیران به‌ زمانێک كه‌ خزمه‌تی ئه‌و كه‌ش و ئاڕاسته‌ ئه‌رێنییه‌ ناكات قسه‌ی كرد و كۆمه‌ڵێک زانیاریی ناڕاستی ده‌رباره‌ی چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندار به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ خسته‌ ڕوو.

پێمان وایه‌ دانیشتن و گفتوگۆی جددی، ڕێگه‌ی ڕاستی چاره‌سه‌ر كردنی كێشانه‌، نه‌ک قسه‌ و لێدوانی ڕۆژنامه‌وانی كه‌وا بۆ نزیكه‌ی سێ مانگه‌ به‌رده‌وامه‌ و به‌ كرده‌یی هیچی لێ به‌رهه‌م نه‌هات. جاری دووه‌مه‌ له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كانیدا به‌ڕێز عه‌بادی باس له‌ به‌رهه‌مێهێنان و فرۆش و داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ژماره‌ی نادروست ده‌خاته‌ ڕوو، بۆیه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕوونی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌:

1- دوای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای 2014 حكوومه‌تی عێراق بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به‌ هه‌نارده‌ كردنی نه‌وت كرد و له‌وساوه‌ تا ئێستا داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێدانی مووچه‌ خه‌رج ده‌كرێت.

2- هه‌ر دوو ساڵی 2014 و 2015 له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ داهاتی نه‌وت و داهاتی ناوخۆ مووچه‌ به‌بێ پاشه‌كه‌وت دراوه‌، ساڵانی 2016 و 2017ش دوای په‌یڕه‌و كردنی ناچاریی سیسته‌می پاشه‌كه‌وت، بڕی 12 ترلیۆن و 77 ملیار و 764 ملیۆن دینار بۆ مووچه‌ خه‌رج كراوه‌ كه‌ هه‌مووی له‌و داهاته‌ بوووه‌.

3- به‌ڕێز عه‌بادی ده‌ڵێت: مانگی 10ی 2017 هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه‌ 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ كردوووه‌. لای هه‌مووان ئاشكرایه‌، پاش ڕووداوه‌كانی 16ی ئاکته‌وبری 2017 هه‌ر دوو كێڵگه‌ی ئاڤانا و بای حه‌سه‌ن كه‌ ڕۆژانه‌ به‌ تێكڕای 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌بوووه‌، كه‌وتنه‌ ژێر ده‌ستی حكوومه‌تی عێراق و كۆمپانیای نه‌وتی باكوور و له‌وساوه‌ هه‌نارده‌ كردن له‌و دوو كێڵگه‌یه‌ ڕاوه‌ستاوه‌، له‌و به‌رواره‌شه‌وه‌ ئیتر هه‌رێمی كوردستان داهاته‌كه‌ی بۆته‌ نیوه‌.

4- له‌ دوای 16 ئاکته‌وبری 2017ه‌وه‌ تا كۆتاییی ساڵی 2017 تێكڕای هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان بریتییه‌ له‌ 265 هه‌زار و 970 به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ كه‌ به‌ نرخی برێنت نه‌فرۆشراوه‌ و داهاته‌كه‌ی ناكاته‌ دوو تریلیۆن دینار وه‌ک به‌ڕێز عه‌بادی ئیدیعای ده‌كات.

5- وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ تاكوو كۆتاییی 2016 ڕاپۆرتی مانگانه‌ی به‌رهه‌مهێنان و فرۆش و داهاتی نه‌وتی خستۆته‌ ڕوو. له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2017یشه‌وه‌ كۆمپانیای جیهانیی (دیلۆیت) وردبینیی ته‌واوی پرۆسه‌كه‌ ده‌كات كه‌ به‌م زووانه‌ ڕاپۆرتی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می 2017 ده‌خاته‌ ڕوو. ئه‌و ژمارانه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بڵاوی ده‌كاته‌وه‌ و به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیران ئاماژه‌ی پێی ده‌دات، وردبینی نه‌كراون و جێگه‌ی گومانن، چونكه‌ له‌ ساڵی 2016 به‌دواوه‌ ئه‌ندامیێتیی عێراق له‌ ده‌ستپێشخه‌ریی شه‌فافیه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی (EITI) به‌ هۆی جێبه‌جێ نه‌كردنی پێوه‌ره‌كانی شه‌فافیه‌تی نه‌وته‌وه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌.

6- مووچه‌ی یه‌ک مانگی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 850 ملیار دیناره‌، له‌گه‌ڵ پاشه‌كه‌وتی ناچارییش ئینجا نزیكه‌ی 600 ملیار دیناره‌ بۆ هه‌ر مانگێک، كه‌چی به‌ڕێز عه‌بادی ده‌ڵێت ته‌نها 300 ملیار دیناره‌. هه‌روه‌ها داهاتی مانگانه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی بۆ سێ مانگی كۆتاییی 2017ی به‌ 544 ملیار دیناری عێراقی دیاری كردوووه‌ كه‌ نرخی نه‌وتی برێنته‌، له‌ كاتێكدا نه‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و نه‌ نه‌وتی عێراقیش به‌ نرخی برێنت نافرۆشرێن!‌. نازانین سه‌رچاوه‌ی ئه‌م زانیارییه‌ ناڕاستانه‌ی به‌ڕێز عه‌بادی چییه‌ و چۆن ده‌توانێت پشتڕاستی بكاته‌وه‌؟!

7- به‌راورد كردن و هاوتا كردنی تێچووی نه‌وت له‌ هه‌رێم و عێراق نادروست و ناڕه‌وایه‌ كه‌ به‌ڕێز عه‌بادی به‌ 11 هه‌زار دیناری عێراقی داناوه‌. به‌ڕێز عه‌بادی خۆی باش ئه‌وه‌ ده‌زانێت گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێمی كوردستان گرێبه‌ستی به‌شداری كردنن له‌ به‌رهه‌مهێنان، نه‌ک گرێبه‌ستی خزمه‌تگوزاری وه‌ک ئه‌وانه‌ی عێراق كه‌ ته‌مه‌نی بلۆكه‌كانی ده‌یان ساڵه‌. جگه‌ له‌وه‌ی ته‌نها له‌ پڕۆژه‌ ‌بودجه‌ی ساڵی 2018ی عێراقدا بڕی 28 تریلیۆن و 770 ملیار دینار بۆ خه‌رجیی وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌ عێراق ته‌رخان كراوه‌، كه‌چی هیچ بۆ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان دابین نه‌كراوه‌، پابه‌ندیش كراوه‌ ڕۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ بكات!.

8- له‌ بودجه‌ی 2018ی عێراقدا 334 ملیار دینار بۆ مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان دانراوه‌، كه‌ به‌ پاشه‌كه‌وتیشه‌وه‌ ئینجا ده‌كاته‌ نیوه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ بودجه‌ی عێراقی فیدراڵی بۆ ساڵی 2017دا 497 ملیار دینار بوو، هۆكاری ئه‌م كه‌م كردنه‌وه‌یه‌ دیار نییه‌، له‌ كاتێكدا ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران هه‌مان ژماره‌یه‌ و هیچ گۆڕانكارییێک له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌كانیاندا ڕووی نه‌داوه‌.

9- له‌گه‌ڵ بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2014ه‌وه‌، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقیش ناردنی به‌رهه‌می نه‌وتی بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕاگرت كه‌ مافی ده‌ستووریی خۆیه‌تی به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوان، له‌ پاڵاوتنی نه‌وت له‌ عێراق سوودمه‌ند بێت و پێویستی به‌ 300 ملیۆن لیتر سووته‌مه‌نی هه‌یه‌، كه‌چی حكوومه‌تی فیدراڵ ته‌نها بڕی 30 ملیۆن لیتری ناردوووه‌، ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی تا ئێستا جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان شایسته‌ی داراییی خۆیان له‌ ساڵی 2014 تا 2017 وه‌رنه‌گرتووه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 733 ملیار دیناری عێراقی.

10- هه‌رچی په‌یوه‌ندیداریشه‌ به‌ ناردنی ده‌رمانه‌وه‌، له‌ ساڵی 2015ه‌وه‌ تا ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت، هیچ كاتێک هه‌رێمی كوردستان 100%ی پشكی خۆی وه‌رنه‌گرتوووه‌ و ئه‌وه‌ی وه‌ری‌گرتوووه‌ به‌ تێكڕایی له‌ 60% تێپه‌ڕی نه‌كردوووه‌.

11- سه‌باره‌ت به‌ خه‌رج كردنی مووچه‌ی هه‌ندێک به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی دیاری كراو، وه‌ک به‌نداوه‌كان، ڕه‌گه‌زنامه‌ و ئیقامه‌یش‌، ئه‌وانه‌ هه‌ر خۆیان فه‌رمانگه‌ی فیدراڵین له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌پێی ده‌ستوور مووچه‌یان له‌ سه‌ر حكوومه‌تی عێراقه‌. ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایێتیی به‌نداوه‌كانیش به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین، ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانیان ته‌نیا 429 فه‌رمانبه‌ره‌ و مووچه‌ی مانگانه‌یان 389 ملیۆن دیناره‌.

سه‌فین دزه‌یی

وته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

سه‌رچاوه‌: SNN

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10065

Your Comment

You are replying to: .
captcha