ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ تێپه‌ڕێنرێت كورد هیچی پێناکرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- حکوومه‌تی عێراق تێبینی و داواكارییه‌كانی كورد له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2018 ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا تێپه‌ڕێنرێت، كورد هیچی پێناکرێت و به‌ ناچاری ده‌بێت قبووڵی بكات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئارێز عه‌بدوڵڵا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: نازانین دوایین هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كان چۆنه‌ به‌ڵام به‌پێی گۆڕانكارییه‌كان، وه‌كوو نوێنه‌رانی كورد هه‌ڵوێستی خۆمان دیاری ده‌كه‌ین.

ناوبراو وتیشی: "ئه‌گه‌ر شیعه ‌و سوننه‌ بیانه‌وێت بودجه‌ تێپه‌ڕێنرێت، كورد ناتوانێت ڕێگری لێبكات به‌ڵام له ‌هه‌وڵه‌كانی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی یاساكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان ده‌ربچێت و مافه‌كانی ئێمه‌ی تێدا به‌رجه‌سته‌ ببێت".

عه‌بدوڵڵا ئه‌وه‌شی زیاد کرد: ئه‌گه‌ر له‌ په‌رله‌مانیش گۆڕانكاری له ‌پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا بكرێت حکوومه‌ت ده‌توانێت هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه‌.

سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کێتی جه‌ختی کرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان گۆڕانكاری له ‌پڕۆژه‌یاسای بودجه‌كه‌دا بكات و حكوومه‌ت ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نه‌بێت، ده‌توانێت جارێكی دیكه‌ هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه‌.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌، تاڤگه‌ ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: ساڵی ڕابردوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران چه‌ندین ماده‌ی گرنگی له‌ یاسای بودجه‌ جێگیر كرد به‌ڵام حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ دادگای فیدڕاڵی تانه‌ی له‌و ماددانه‌ دا و هه‌ڵیوه‌شانده‌وه‌.

شایانی باسه‌؛ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ 3ی جانیڤێری 2018، له‌ دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی 2018 بكات دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانی كورد و سوننه ‌و هه‌ندێک له‌ پارێزگا شیعه‌كانی ڕه‌ت كرده‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10038

Your Comment

You are replying to: .
captcha