٣ کانوونی دووەم ٢٠١٨ - ١١:٥٤
هه‌رێم په‌نا بۆ دادگای فیدڕاڵی ده‌بات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌هۆی لابردنی نووسینی كوردی له‌سه‌ر فۆرمی نوێی خۆراک بۆ هه‌ر دوو ساڵی (2017 و 2018)، هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتنی فۆرمه‌كه‌ ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و په‌‌رله‌مانتارێكی پارتیش له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ئه‌گه‌ر به‌غدا ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ چاک نه‌كات له ‌دادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، یاسین مه‌حموود به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخستنی پسووڵه‌ی خۆراک له‌ سلێمانی به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم بڕیاری داوه‌ فۆرمی نوێی خۆراک وه‌رنه‌گرێت كه‌ بۆ هه‌ر دوو ساڵی (2017 و 2018) ده‌رچووه‌ چوونکه‌ زمانی كوردی له‌سه‌ر نییه‌ و ته‌نها به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسراوه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له ‌ساڵی (2014 و 2015)دا هه‌ر دوو زمانه‌كه‌ی له‌سه‌ر بووه‌.

ناوبراو وتیشی: "تاوه‌كوو مانگی ڕابردووش هیچ کێشه‌یێک نه‌بووه‌ له‌ دابه‌ش كردنی خۆراک، له‌ دوای وه‌رنه‌گرتنی فۆرمه‌كه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته ‌سه‌ر گفتوگۆ و دانووستانه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا".

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، ئه‌شواق جاف ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: ئه‌گه‌ر چاپ كردنی ئه‌و فۆرمه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بێت كه‌ زمانی كوردی له‌سه‌ر نه‌بێت، پێشێلكاری ده‌ستووره‌ و پێم وایه‌ ته‌واوكه‌ری هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌تی عێراقه و‌ بۆ پێشێل كردنی مافه‌كانی كورد گیراونه‌ته به‌ر.

ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌: "داوای چاک كردنی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر نه‌كرا چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ له ‌دادگای فیدڕاڵی تانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ بدرێت و ئه‌وكاته‌ش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10037

Your Comment

You are replying to: .
captcha