بەپێی هەواڵی کوردپرێس، «حجت الاسلام و المسلمین سید ئیبراهیم رەئیسی» سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە یاوەریی شاندێکی باڵا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ بوونەوە و کۆمەڵێک دۆسیەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەردوولا پەیوەندیی دووقۆڵیی هاوبەش، بەهێزکردنی هاوکاریی دادوەریی و یاسایی نێوان هەردوو وڵات و کۆمەڵێک پرسی دیکەیان تاوتوێ کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا کازمی جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگیی کارکردنی تەواو بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە و سەقامگیربوونی لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هاوبەش و ئەو بابەتە هەرێمییانەی کە جێگەی بایەخی هەردوو وڵاتن.
کازمی ئاماژەی بە پێکەوەگرێدانی مێژوویی، رۆشنبیریی، جوگرافی و بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و پەیوەندیی نایابی نێوان عێراق و ئێران کردووە.
لای خۆیەوە، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، هیوای سەرکەوتنی بۆ حکوومەتی عێراق و هەوڵە نیشتمانییەکانی خواست لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەهێزکردنی سەروەریی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
شایانی باسە ئێوارەی دووشەممە، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، بە سەردانێک گەیشتە عێراق.
سەردانەکە لە کاتێکدایە هاوئاهەنگی لە نێوان دەسەڵاتی دادوەریی ئێران و ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق چڕکراونەتەوە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و بە نێودەوڵەتی کردنی کەیسی تیرۆری سەردار قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس.
بەهۆی تۆمەتبار کردنی بە تیرۆری شەهیدان قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس دەزگای دادوەریی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ چەند تۆمەتبارێک دەرکرد لەسەروویانەوە «دۆناڵد ترەمپ» سەرۆکی پێشووی ئەمریکا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment